ئەوین ،ئەڤین ، زانا شەریفیان
جمعه, ۲۰ بهمن ۱۳۹۶، ۰۱:۰۲ ب.ظ
تاقە گوڵی بن تەڵاشە بەردی
سەر ئەم شاخە
چاوە ڕوانە
چاوەڕوانی شوانێکە
ئێوارەیێک
لەگەڵ گرمەی ڕانەمەڕێک
بە هاواری سێروەکان
دەستێک بەرێ
و بیباتەوە
با زەردەپەڕ
لە نێو شووشەی پەنجەرەیێک بشکێنێت و
کیژێک بێت بە ئارامی
وەری بگرێ
با شەوانە
لە ژێر ترووسکەی چاوان و
بە دڵۆپی فرمێسکەکانی
درووژمی زوڵمەت تێک بشکێنێ
با لە ئاسۆی بەیانییێک
دەنگی موسیقای بلوێر ژێنێک
تاریک و لێڵ نەهێڵێت و
دڵی ئەویش وەک خۆرەتاو
دیسانەوە
بەرەو هیواکانی هەڵبێتەوە
زانا شریفیان
۹۶/۱۱/۲۰