ئەوینی تۆ
بارینی ئەستێرە بوو
بەسەر دڵی بەفراویما
ڕەچەم شکاند
ڕێگام بڕی
بگەمە تۆ.
زانا شەریفیان
"هاڵاو"
_بۆ کوشتت؟
_جیکە جیکی زۆر دەکرد،بە دەنگە دەنگ ناڕاحەتم.
_خۆ زۆرن لە حەوشەکەتان دەنگیان لێوە دێت؟
_ئەوان لە بەرچاوی هاوسێکانن،ئەوەی هاتبێتە حەوشە دیویانی.
_دەی ئەمیشت نیشانیان دایێ بۆ دەت کوشت؟
_هەرچیم کرد کەس نەیدی کە پێیدا هەڵبڵێ،خۆشی هیچکات نەیتوانی باسی من کات.
_خۆ ناتوانێ قسە کات؟
_تاوانی خۆیەتی.
_بۆ سووتاندت؟
_ئاخر منداڵێکی هاوسێمان دیبووی هەواڵی لە دایکی دەپرسی،هەرچیم کرد زیندوو نەبۆوە بۆ ئەوە ئاسەواری نەمێنێ سووتاندم.
_لە "با" ناترسی هەواڵی بەرێ؟
_ "با" ئەی هاوار بێژی خەڵک بێژن چی؟
زانا شەریفیان
بەیانییێک
لەگەڵ ئاوا بووین ڕۆژدا
لە نێوان دارستانێ گەورە
دارێکیان دی
گەڵاکانی وەریبوو
دوێنێ شەوێ بەلقی خۆی
هەڵواسرابوو
لە نێو بێدەنگی دارستان
هاوارێک هات
ئیتر بەسە حەشاردانی قاڵاوەکان
زانا شەریفیان
ئەم پاییزە
شەقامەکان هەموو مردن
هەنگاوەکانتیان لێ بڕا
تۆ نیت و
با موسیقایێک بژەنێ و
گەڵاکانیش لەبەر پێتا سەما بکەن
"زانا شەریفیان"